Home    Kurdish Art | Kurdish Music | Video Clips | Kurdish Cards | Photo Album | Old Photos
 Kurdish Music   Geo Map   Links   Articles   Iranian Music   News     
 Kurdistan Music, Singers & Music Groups
Ibrahim Fatahi     ئیبراهیم فه‌تاحی -

Category(s):
- Music.Singers.


Ibrahim Fatahi
 Photo Gallery
 
ناسنامه
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ رۆژی 23 ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 1932 له‌ گوندی تورجانی سه‌ر به‌ شاری سه‌قز له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هاته‌ دنیا. هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا به‌ بیستنی گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ندی کورد مامۆستا " حه‌سه‌ن زیره‌ک" که‌ ئه‌و کات له‌ رادیۆیی کوردی تاران و کرماشان بڵاوده‌بوونه‌وه‌، خولیای هونه‌ری گۆرانی خوێندن بوو.
ساڵی 1966 بۆ یه‌که‌م جار له‌ رادیۆی سنه‌ ده‌نگی بڵاوکرایه‌وه‌ و چه‌ند گۆرانییه‌کی له‌ رادیۆ سنه‌ تۆمار کرد که‌ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌کرا.


هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی به‌هاری ساڵی 1971 له‌ رادیۆ مه‌هاباد به‌ هاوکاری هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو " تۆفیق عه‌زیزی" ناسراو به‌ تۆفیقی تارژه‌ن به‌ ئامێری تار و دایره‌ گرینگتیرین گۆرانییه‌کانی له‌وانه‌ " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" ، " مریه‌مێ چه‌نده‌ جوانی" و " به‌ر قه‌ڵا مه‌ڕۆ" ی تۆمار کرد که‌ هه‌موویان به‌رهه‌می خۆی بوون. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییانه‌ له‌ رادیۆ مه‌هاباد ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان ناسرا. به‌تایبه‌ت گۆرانی " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" له‌ ناساندن و ناوبانگ ده‌رکردنیدا ده‌ورێکی به‌رچاوی هه‌بوو. ئه‌م گۆرانییانه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا چه‌ندین جار له‌ رادیۆ کوردی به‌غداد و رادیۆکانی مه‌هاباد و کرماشان و قه‌سری شیرین بڵاوکرانه‌وه‌.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌ رادیۆ مه‌هاباد به‌ هاوکاری هونه‌رمه‌ندی موزیکژه‌ن "ره‌شید فه‌یزنیژاد" و تیپی مۆسیقای شاری مه‌هاباد چه‌ندین گۆرانی دیکه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌ تایبه‌ته‌کانی خۆی تۆمار کرد.


ساڵی 1977 له‌ رادیۆ کوردی کرماشان که‌ ئه‌وكات هونه‌رمه‌ندی ناودار "مه‌زهه‌ری خالقی" به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م رادیۆیه‌ بوو، چه‌ند گۆرانییه‌کی به‌هاوکاری هونه‌رمه‌ندانی بۆکانی له‌وانه‌ شمشال ژه‌نی به‌ توانا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد مامۆستا " قادر عه‌بدوڵڵازاده‌" ناسراو به‌ (قاله‌ مه‌ڕه‌) تۆمار کرد. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هه‌مان به‌رنامه‌ی له‌ رادیۆ سنه‌ پێشکه‌شکرد.
ئیبراهیم فه‌تاحی بێجگه‌ له‌ تۆمارکردنی گۆرانی له‌ رادیۆکان له‌ مه‌جلیس و دانیشتنه‌کانی ماڵان و له‌ کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندان به‌رهه‌م گه‌لێکی زۆری تۆمار کردووه‌، له‌وانه‌ له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان: "حه‌سه‌ن زیره‌ک"، "ناسر ره‌زازی"، "عه‌به‌ ده‌ڕژێ"، "عه‌لی خه‌ندان" ، "سه‌ید ئیبراهیم سه‌قزی" ، "ئیبراهیم قادری" و چه‌ندانی دیکه‌.
ساڵی 1993 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند "میدیا حوسێن" له‌ شاری سلێمانی گۆرانییه‌کانی "چنووری و چنووری" و " سینه‌مه‌ڕ مه‌ڕ"ی پێشکه‌شکرد. ئه‌م گۆرانییانه‌ له‌ رۆژانی پرۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق بۆ هه‌ست به‌شادی کردنی خه‌ڵکی باشووری کوردستان به‌رده‌وام له‌ که‌ناله‌
ئاسمانییه‌کان و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بڵاوده‌کرانه‌وه‌.


سه‌ره‌تای ساڵی 2005 هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ سه‌ر بانگه‌ێشتی که‌نالی ئاسمانی
(KURD SAT) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ " ئیبراهیم قادری" به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان
پێشکه‌شکرد، که‌ ئه‌مه‌ دوایین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم فه‌تاحی بوو.
مامۆستا ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ماوه‌ی ساڵانی چالاکی و خزمه‌تی هونه‌ری به‌بواری مه‌قام و
گۆرانیبێژی، کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می پڕ بایه‌خ و گرینگی پێشکه‌ش به‌ هونه‌ری گۆرانی و موزیکی ڕه‌سه‌نی کوردی کرد. زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌وه‌ دووپاتکراونه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ری هونه‌ری ئیبراهیم فه‌تاحی له‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی دیکه‌ ده‌رده‌خات. دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵانێکی زۆر به‌ سه‌ر پێشکه‌شکردنی گۆرانییه‌کانیدا، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئێستاش هه‌ر له‌ بیرو زه‌ینی خه‌ڵکی کوردستاندا ماون و له‌ بیر ناچنه‌وه‌. بۆ وێنه‌ گۆرانییه‌کانی " تۆز ده‌کا، تۆز ده‌کا" و "مریه‌مێ چه‌نده‌ جوانی" پاش سه‌دان جار گوێگرتن، هێشتا هه‌ر تازه‌ن و مۆرکی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کورده‌وارییان پێوه‌ دیاره‌. مامۆستا "ئیبراهیم فه‌تاحی" له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14 مانگی سپتامبری‌ سالی 2006 زایینی
دوای 40 ساڵ کارو خزمه‌تی هونه‌ری به‌بواری گۆرانی
ڕه‌سه‌نی کوردی له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا له‌ ماڵی خۆی له‌ کۆڵانی (سه‌رو) له‌ گه‌ڕه‌کی ساحیلی
شاری بۆکان به‌ هۆی وه‌ستانی دڵ ماڵئاوایی له‌ ژیان کرد.

Birthplace: Torjan-Seqqez - Kurdistan
External Link I: Click here
  Home | Kurdish Art | Kurdish Music | Kurdish Video Clips | Kurdish Cards | Senna Old Photos | Senna Photo gallery | Contact us 
   ^^ Top ^^  
©1999 - 2017 KurdOnLine.com