Kurdistan Music, Singers & Music Groups |
 |
Ismail Masqati
ئیسماعیل مه‌سقه‌تی
-
Category(s):
- Music.Players. - Music.Singers.
|
|
|
 |
ناسنامه هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن و گۆرانیبێژ "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" له ساڵی 1922 واته (1301 هه‌تاوی) له شاری كرماشان هاته دنیا. باوكی به ناوی "محه‌مه‌د ئیبراهیم" كوری "مسته‌فا خانی وه‌كیل"ـه كه یه‌كێك بووه له قوتابیانی میرزائاغا خانی باوك. ئیسماعیل كه له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی زۆر كه‌م بوو، ته‌خته‌یه‌كی ده‌هێنا و لاسایی ئامێرژهنینهكهی باوكی ده‌كرده‌وه. له ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه به ژه‌نینی ئامێری زه‌رب واته تونبهك هاته ناو دونیای موزیكه‌وه و پاشان له ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه ده‌ستی دایه ئامێری تار كه زۆر هۆگری به‌م ئامێره په‌یدا كردبوو.
له ماوه‌یه‌كدا كه "مورته‌زا نه‌ی داوود" و مامۆستا "یه‌حیا زه‌رین په‌نجه" هه‌ر دوو دانیشتووی شاری كرماشان بوون، به‌هره‌یه‌كی گه‌لێك زۆری له‌و دوو هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه وه‌رگرت. هه‌روه‌ها له ئامۆژگاری و رێنوێنییه‌كانی "ئه‌بولحه‌سه‌ن سه‌با" زۆر كه‌ڵكی وه‌رگرت كه یه‌كێكه له هونه‌رمه‌ندانی هه‌ره ناوداره‌كانی موزیكی وڵاتی ئێران و زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ناوداری ئێران قوتابی ئه‌و بوونه.
هونه‌رمه‌ند "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" ده‌یگێرایه‌وه كه ته‌واوی ئه‌و گۆرانییه كوردیانه‌ی كه بۆ خۆی دروستی كردبوون "ئه‌بولحه‌سه‌ن سه‌با" ده‌یكردنه نۆته و نۆتی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ده‌نووسییه‌وه. به‌داخه‌وه ته‌واوی ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه به یارمه‌تی خوالێخۆشبوو سه‌با نووسیبوونی، له ناو چوون و ته‌نیا ژماره‌یه‌ك له‌و گۆرانییانه له بیر و یادی ئه‌ودا مابوونه‌وه و هه‌تا دوایین ساڵه‌كانی ژیانی به‌رده‌وام به هێزی ده‌ست و په‌نجه‌ی ئه‌و گۆرانی و پارچه موزیكانهی ده‌ژه‌نی.
ئیسماعیل مه‌سقه‌تی چالاكی هونه‌ری خۆی به شێوه‌یه‌كی جیدی له رادیۆ تاران و به چڕینی گۆرانییه‌كانی "سه‌حه‌ر سه‌حه‌ره" و "ئای نه‌رمه نه‌رمه" ده‌ست پێكرد كه هه‌ر دووك به‌رهه‌می تایبه‌تی خۆی بوون. پاشان له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی رادیۆ كرماشان هه‌تا 2 ساڵ دوای شۆرشی گه‌لانی ئێران بۆ ماوه‌ی 18 ساڵ له گه‌ل ئه‌و رادیۆیه هاوكاری كرد. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا له گه‌ل چه‌ندین ئۆركستڕای جۆراوجۆری ئه‌و رادیۆیه هاوكاری هونه‌ری ده‌كرد. هونه‌رمه‌ند "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" هه‌ر له میانه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی موزیكژه‌نی كورد گرینگ‌ترین گۆرانییه‌كانی تۆمار كرد، له‌وانه: "كچه كچه" ، "نازه‌نینه" ، "به‌و به‌و" ، "په‌پوو سوله‌یمانی" ، "جه‌میل جه‌میله" و چه‌ندین به‌رهه‌می تر كه هه‌موویان به‌رهه‌می خۆی بوون و گۆرانییه‌كانی "كچه كچه" و "نازه‌نینه"ی زیاتر له هه‌مووی به‌رهه‌مه‌كانی خۆشتر ده‌ویست كه گۆرانی "به‌و به‌و" بۆ خه‌ڵكی كوردستان زۆر ئاشنایه.
له‌و ماوه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ندانێكی ناودار له رادیۆی كرماشان كاریان ده‌كرد و پێكه‌وه گروپێكیان پێكهێنابوو. ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه بریتی بوون له: "محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی" ، "موجته‌با میرزاده" ، "مه‌حموود مێرئاتی" ، "ئه‌كبه‌ر ئیزه‌دی" ، "به‌همه‌ن پووله‌كی" ، "حه‌سه‌ن زیره‌ك" ، "مه‌حموود بلووری" ، "حیشمه‌توڵڵا لوڕنیژاد" ، "سه‌ید ئیسماعیل پیرخدری" و "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی".
هونه‌رمه‌ند مه‌سقه‌تی هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا خولیای هونه‌ری چڕینی گۆرانی بوو. بۆیه‌ش له گه‌ڵ رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنه‌كانی ئه‌و كات له‌وانه رادیۆی كوردی تاران و كرماشان ده‌ستی به هاوكاری كرد و به هۆی شاره‌زایی له بواری موزیك به شێوه‌یه‌كی گونجاو له موزیكی كوردیدا خه‌ریكی كار كردن له بواری هونه‌ری گۆرانی ره‌سه‌ن و فۆلكلۆر بوو.
هونه‌رمه‌ند له ساڵانی رابردوودا چه‌ند جارێك له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی موزیكژه‌نی ناوداری كورد به‌رنامه‌ی پێشكه‌ش كردووه، هه‌روه‌ها له گه‌ڵ ئۆركسترای موزیكی رادیۆ كرماشان به سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌رمه‌ند "عه‌بدولسه‌مه‌دی" چه‌ند گۆرانییه‌كی له‌و رادیۆیه تۆمار كرد. له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیانه له رادیۆ كرماشان ئیسماعیل مه‌سقه‌تی له سه‌رانسه‌ری كوردستان ناسرا. به تایبه‌ت 2 گۆرانی "به‌و به‌و" و "په‌پوو سوله‌یمانی" له ناساندن و ناوبانگ ده‌ركردنیدا ده‌ورێكی به‌رچاویان هه‌بوو.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م هونه‌رمه‌نده له شاره‌كانی كوردستان و به تایبه‌ت له كرماشان له چه‌ندین كۆر و كۆبوونه‌وی تایبه‌ت و له زهماوهندهكانی شاره‌كانی
كوردستان كۆنسێرتی گۆرانی فۆلكلۆر و ره‌سه‌نی كوردی پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی
كردووه. ئه‌مانه‌و چه‌ندین جاریش له شاری تاران به‌رنامه و گۆرانی فۆلكلۆری كوردی پێشكه‌ش كردووه.
ئیسماعیل مه‌سقه‌تی ساڵی 2002 له گه‌ڵ گروپی موزیكی هونه‌رمه‌ندانی دانیشتووی هه‌نده‌ران به سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌رمه‌ند "فارووق باپیر" چه‌ندین به‌رهه‌می به‌پێزی له ته‌له‌فیزیۆنی میدیا تی ڤی پێشكه‌ش كردووه و له گه‌ڵ ئه‌م گروپه له فیستیڤاڵێكی هونه‌رییدا له وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌شداری چالاكانه‌ی كرد.
مه‌سقه‌تی به بلیمه‌تی "بوداهه‌ژه‌نین" ناسراوه و له هونه‌ری "بوداهه‌ژه‌نین"دا كه یه‌كێكه له بنه‌ماكانی موزیكی ره‌سه‌نی وڵاتی ئێران زۆر به توانا بوو له‌م بواره‌دا ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو. له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیدا كاری بوداهه‌ژه‌نین واته ئامێرژه‌نین به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و میلۆدییه‌ی كه له یه‌ك كاتدا به بێ نۆته له گه‌ڵ گۆرانییه‌ك پێشكه‌شی ده‌كرد له كاتێكی دیكه‌دا هه‌مان میلۆدی به چه‌شنێكی تازه‌تر و به شێوازێكی دیكه‌وه له گه‌ڵ ئه‌و گۆرانییه‌دا پێشكه‌شی ده‌كرد.
ئیسماعیل مه‌سقه‌تی گۆرانی و موزیك و به‌رهه‌م گه‌لێكی زۆری ساز كردووه. له‌وانه: "كچه كچه" ، "نازه‌نینه" ، "به‌و به‌و" ، "په‌پوو سوله‌یمانی" ، "جه‌میل جه‌میله" ، "تاتی مارگهستم" و "مینا مینا". شێوازی تارژه‌نینی مامۆستا "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" به جۆرێك بوو كه تایبه‌ت بوو به خۆی و له تارژهنیندا لاسایی هیچ كه‌سێكی نه‌كرده‌وه و به ژه‌نیارێكی "شیرین په‌نجه" ناوی ده‌ركردبوو. هونه‌رمه‌ندان و ژهنیارانێكی زۆر له‌وانه "حه‌مید ره‌زا تاهیرزاده" به شێوازی تارژه‌نینی "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" زۆر سه‌رسام بوونه و له شێواز و ستایلی تارژه‌نینی مه‌سقه‌تی به‌رده‌وام بوون و ئه‌م ستایله‌ی هونه‌رمه‌ند كاریگه‌ریی زۆری له سه‌ریان هه‌بووه.
هه‌روه‌ها جۆری تارژه‌نینی ئیسماعیل مه‌سقه‌تی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له سه‌ر گوێگر هه‌بوو، میزرابهكانی پڕ بوون له خۆشه‌ویستی و ده‌نگی میزرابی تاره‌كه‌ی بۆ هه‌میشه له گوێی هونه‌ردۆستاندا ده‌زرینگێته‌وه. مه‌سقه‌تی هه‌روه‌ها جگه له ژه‌نینی ئامێری تار، له ژه‌نینی ئامێره‌كانی: سێ‌تار، عوود، ویۆلۆن، زه‌رب، ده‌ف و دایره زۆر به توانا بوو، به‌ڵام "تار" ئامێری تایبه‌ت و پسپۆرانه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بوو.
ئیسماعیل مه‌سقه‌تی له ماوه‌ی ساڵانی چالاكی و خزمه‌تی هونه‌ری خۆیدا به بواری مه‌قام و گۆرانیبێژی، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می جوان و پڕبایه‌خی پێشكه‌ش به دنیای هونه‌ری گۆرانی و موزیكی ره‌سه‌نی كوردهواری كرد كه ژماره‌یان زیاتر له 300 به‌رهه‌می تۆمار كراوه و له به‌رهه‌مه گرینگ و تایبه‌ته‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده دێنه ئه‌ژماردن.
هه‌روه‌ها له كاری چڕینی گۆرانییه فۆلكلۆره كوردییه‌كاندا به تایبه‌ت هی ناوچه‌ی كرماشان زۆر بلیمه‌ت و به‌توانا بوو، به هه‌ست و سۆزیكی تایبه‌ته‌وه كه سه‌رانسه‌ری جه‌سته‌ی داگرتبوو، گه‌لێك گۆرانی و به‌سته‌ی فۆلكلۆری كوردی له مردن رزگار كرد و به جوانترین شێوه و به ریتم گه‌لی جۆراوجۆر بۆ هونه‌ری موزیكی ره‌سه‌نی كوردی زیندووی كردنه‌وه. ئیسماعیل مه‌سقه‌تی به‌شێكه له موزیكی فۆلكلۆری كوردی و ناو و ناوبانگێكی زۆری له سه‌رانسه‌ری شاره‌كانی كوردستان و ئێران‌دا هه‌یه.
هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گۆرانی و مه‌قاماتی كرماشان ئیسماعیل مه‌سقه‌تی خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می پڕبایه‌خ و به‌هێز و جوانه. زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی عاشقانه‌یه و له چه‌ندین ده‌زگای جۆراوجۆردا به زمانی كوردی زۆر به جوانی پێشكه‌شی كردوون كه پاش چه‌ندین جار بیستنیان هه‌ر تازه‌ن و مۆركی هونه‌ری ره‌سه‌نی كورده‌واریان پێوه دیاره و هه‌میشه له یاد ده‌مێننه‌وه.
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی كورد "ئیسماعیل مه‌سقه‌تی" له دوای ساڵانێكی زۆر كار و خزمه‌تی هونه‌ری به بواری موزیك و گۆرانی ره‌سه‌نی كوردی له سه‌ره‌تای به‌هاری ساڵی 1387 له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری كرماشان ماڵئاوایی له جیهانی هونه‌ر و گۆرانی كوردی كرد. ته‌رمی هونه‌رمه‌ند به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له هونه‌رمه‌ندان، رۆشنبیران، كه‌سایه‌تییه‌كان، گه‌نجان و خه‌ڵكی هونه‌ردۆستی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری، له گۆرستانی باغی فیرده‌وس له شاری كرماشان به خاكی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.....مه‌نووچێهر جیهانی |
|